شاعیر: مەلا حەسەنی جەوهەری
کتێب: دیوانی جەوهەری
سەرناو: مەقامی شێخ زۆر بەرز و بڵند بێ
لەبارەی شیعر: بۆ حاجی سەید عەبدوڵڵا کە دیاری ناردبوو بۆ جەوهەری

مەقامی شێخ زۆر بەرز و بڵند بێ
دەگەڵ من زۆر بە لوتف و ئیلتیفاتە

بە جوببە و مێزەرە و کەوڵی بوخارا
سەراپا جەوهەری غەرقی خەڵاتە

لەوان چاکتر کەلاموڵڵا و دەلاییل
کە خوێندنیان بە حەق مایەی نەجاتە

لەبۆ من سەربڵندیی و ئیفتیخارە
لەنێو بێگانە و ئەهلی وڵاتە

ئەوەی دۆستن دەڵێن زۆر زۆر موبارەک
حەسوودیش زۆر خەفە و غەمبار و ماتە

چ دەربەستم حەسوود با هەر بنووزێ
قسەی حاسید لەلای من بێ مەناتە

ئەگەر سەد پیر و ئوفتادە و زەعیفم
لە سایەی شێخەوە بەختم لە هاتە

حەسەن عەهدێکە بەستوویە لەگەڵ تۆ
هەتا مردن لەسەر عەهد و وەفاتە

ئەمن پیر بووم و عومرم زۆر نەماوە
ئەتۆ خۆش بی سەر و قەلبم فیداتە

ئەگەر بمرم لەسەر دنیاش نەمێنم
بە دیدارت قەسەم ڕۆحم لە لاتە